بەیاننامەی حزبی حیکمەتیست لەسێدارەدان، کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتییە! لە یادی ١٠ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانی دژ بە لەسێدارەدان

بەیاننامەی حزبی حیکمەتیست
لەسێدارەدان، کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتییە!
لە یادی ١٠ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانی دژ بە لەسێدارەدان
هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی “سزای” سێدارە، سەرەتا لەلایەن “ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی”، “هاوپەیمانی جیهانی دژ بە سزای سێدارە و ڕێکخراوە ناحکومییەکان”، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٧ بە پێشکەشکردنی بڕیارنامەیەک بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد. ئەم بڕیارنامەیە بۆ جاری دووەم لە ساڵی ٢٠٠٨ لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا. لەم بڕیارنامەیەدا، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە: “تاوانبار، بە پێی مرۆڤبوونی، مافی ژیان و چەندین مافی دیکەی هەیە و یاسادانەر و سیستەمی یاسادانان، بە بیانووی تاوانباربوون و ئەنجامدانی تاوان مافی زەوتکردنی ئەم مافانەی لە تاک نییە”. پێشتر لە ساڵی ١٩٨٩، پرۆتۆکۆڵی زیادکراوی دووەم بۆ پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی ئەم ڕێکخراوەوە پەسەند کرابوو.
لە ئێراندا، بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکاری، “جیهانێکی باشتر”، داوای هەڵوەشاندنەوەی “سزای” سێدارە دەکات. کوشتن لە هەر کۆمەڵگایەکدا و بە هەر هۆکارێک ڕوودەدات، مرۆڤکوشتن و خودی ئەوەی کە تاک دەتوانێت ژیانی کەسێک بسێنێت، ڕەگ و ڕیشەی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. بەڵام کاتێک دەوڵەت بە ناوی “جێبەجێکردنی دادپەروەری” و “قەساس”ەوە بە ڕێوڕەسم و لەوپەڕی ساردو سڕیدا مرۆڤ دەکوژێت، تاوانێکی بە ئەنقەستی نوێ ئەنجام دەدات. سێدارە “سزا” نییە، زەوتکردنی مافی ژیانە، سزا ناتوانێت بنەمای چاکسازی و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا لەبەرچاو نەگرتبێت. لەسێدارەدان تاوانێکی بە ئەنقەست و ئاگایانەی دەوڵەتییە. ئەو وڵاتانەی کە هێشتا سێدارە ئەنجام دەدەن، ڕێژەی تاوان و جینایەت لەواندا زیاترە. لە ڕاستیدا لەسێدارەدان نە “جێبەجێکردنی دادپەروەرییە” و نە ڕێگایەک بۆ “پاراستنی کۆمەڵگا”، بەپێچەوانەوە؛ ئامرازێکی چینی دەسەڵاتدارە بۆ کۆنترۆڵکردن و بێدەنگ ڕاگرتنی خەڵکی ناڕازی. زۆربەی لەسێدارەدانەکان بە هۆکاری سیاسی و فەرهەنگی دواکەوتووی باڵادەست ئەنجام دەدرێن. پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە دەوڵەت و هیچ دەسەڵاتێک بە هیچ هۆکار و بیانویەک مافی کوشتنی بە ئەنقەست و زەوتکردنی مافی ژیانی مرۆڤەکانی نییە. سێدارە دەبێت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە و قەدەغە بکرێت. “دادپەروەریی”ەک کە لەلایەن جەلادەوە جێبەجێ بکرێت، دادپەروەری نییە، شەرعاندنی تاوان و ئاساییکردنەوەی مرۆڤکوشتنە.
کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ڕیکۆردی لەسێدارەدانی تۆمار کرد و جارێکی دیکە لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا جێگیر بوو کە زۆرترین سێدارەی تۆمارکراویان ئەنجام داوە. نزیکەی دوو لەسەر سێی لەسێدارەدانی ساڵی ٢٠٢٤ی جیهان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام درا. لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە زیاتر بووە. لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ژمارەی سێدارەکان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، گەشەیەکی ٢٢٢٪ی بەخۆیەوە بینی. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا کۆتایی ئابی ٢٠٢٥، کۆماری ئیسلامی ئێران لانیکەم ٨٤١ کەسی لە سێدارە داوە. لە یادی دەی ئۆکتۆبەر دژ بە حکومەتی سەد هەزار سێدارە، دژ بەو دەوڵەتانەی کە بە یاسایی مرۆڤ دەکوژن، بێینە مەیدان. لە ١٠ی ئۆکتۆبەردا لەگەڵ کرێکاران و تاقمی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بە یەک دەنگ و یەکگرتوو دژ بە سێدارە ناڕەزایەتی دەرببڕین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری-حیکمەتیست لەم ڕۆژەدا لەگەڵ مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و پێشڕەو، دژ بە دڕندەیی مرۆڤکوشتنی فەرمی و یاسایی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. خەبات بۆ ڕاگرتن و قەدەغەکردنی تەواوی “سزای” سێدارە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم حوکمەکانی سێدارەی دەرکراو لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە، ئامانجی دەستبەجێی ئەم خەباتەیە. بانگەوازمان ئەوەیە کە لە هەموو شوێنێک دژ بە سێدارە وەک کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتی ناڕەزایەتی دەرببڕن!
مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی!
ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست
٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ – ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥