19/04/2026

“اطلاعیه حزب کمونیست کارگری کردستان در محکومیت حمله تروریستی به رفیق علی جوادی “

“اطلاعیه حزب کمونیست کارگری کردستان در محکومیت حمله تروریستی به رفیق علی جوادی “
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران -حیکمەتیست، شەوی یەکشەممە ١٢/٤/٢٠٢٦، هاوڕێ عەلی جەوادی، کۆمۆنیستێکی ناسراو و بەرجەستە و ئەندامی ڕابەریی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران/ حیکمەتیست، لەلایەن کەسێکەوە لەڕێگەی ئۆتۆمۆبێلەوە دوای دابەزین لە ئۆتۆمۆبیلەکەی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا، هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە. بەپێی ڕاگەیاندنەکە ئەو کارە تیرۆریستیە بەرنامە بۆدارێژراوبووە و بۆیە پەنایان بردۆتە بەر پیاکێشانی ئۆتۆمۆبیل تا ڕوداوەکە وەکو روداوێکی ئاسایی پێکدادانی ئۆتۆمۆبێل دەربکەوێ. شایانی ئاماژەیە دەستبەجێ پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتونەتە شوێنەکە و پشکنینە پزیشکییەکان دەریدەخەن کە خۆشبەختانە سەرەڕای توندی لێدانەکە، هیچ برینێکی سەخت ڕووینەداوە. لێکۆڵینەوە لەم پرسە و ئەنجامدەرانی بەردەوامە.
هەر بەپێی ڕاگەیاندنەکەی حزبی حیکمەتیست، ئەمە یەکەمین جار نییە هاوڕێ عەلی جەوادی ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە. چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە نووسراو یان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لێکراوە. لەم دواییانەدا لەلایەن سەڵتەنەتخوازەکان و بزووتنەوە ڕاستڕەو و فاشیستەکانیشەوە هەڕەشەی لێکراوە.
ئەم هەوڵە تیرۆریستیە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئاکامە زیانبارەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، توندوتیژی، ناسەقامگیری و گیژاوی سیاسی، وێرانکاری و تێکچوونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابووری قورسی لێکەوتۆتەوە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی جیهانی خستۆتە بەردەم مەترسیەوە. لەنێو ئەم فەزای جەنگەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی ناڕازی، سەرکوتکردن و تۆقاندن، لەسێدارەدان و کوشتنی نەیارانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی زیندانی لە سەرانسەری شارەکانی ئێراندا. لەولاشەوە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەوی رژێمی ئیسلامی و سەڵتەنەتخوازەکان و لایەنگرانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە ئومێدیان بە موشەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیەوە گرێداوە بۆئەوەی سوچێیکی دەسەڵاتی دوای نەمانی رژێمی ئیسلامی ئێرانیان بکەوێتەدەست، لەو دەنگە پێشکەوتنخوازو سۆشیالیست و مرۆڤدۆستانەیە ناڕەحەتن کە دژی ئەم جەنگە وێرانکەرە دەوەستێتەوە و خوازیاری کۆتایی پێهێنانیەتی! هاورێ عەلی جەوادی بەوجۆرە لەهەردوو لایەنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو و بەتایبەتی سەلتەنەتخوازەکانەوە ئەگەری بە ئەمانجگرتنی هەبووە!
ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەم هەوڵە تیرۆریستیە شکستخواردووە دەکەین و دەنگمان دەخەینە پال دەنگی ئازادیخوازان ومرۆڤدۆستان و کۆمۆنیستەکان دژ بەم کردەوە تیرۆریستیە دژی هاوڕێ عەلی جەوادی.
١٥/٤/٢٠٢٦
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
اشتراک گذاری